پێنج ڕۆژ پشوو بۆ یاریکردنی GTA 6
بەپێی Insider Gaming، کۆمپانیای Pocketpair، بۆ هەفتەی داهاتوو پێنج ڕۆژ پشووی بە هەموو کارمەندەکانی داوە.
بەپێی Insider Gaming، کۆمپانیای Pocketpair، دروستکەری یاریی Palworld، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشوویەکی تایبەتیی پێنج ڕۆژەی بە کارمەندەکانی داوە. هۆکارەکەش دەرچوونی Grand Theft Auto 6ـە کە ڕۆژی 19ی تشرینی دووەم لە سەرانسەری جیهان دەردەچێت.
کۆمپانیاکە لە پۆستەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە هەموو ئەو کارمەندانەی بڕیارە GTA 6 یاری بکەن، دەتوانن لەم پشووە تایبەتییە سوود وەربگرن. لە پۆستەکەدا بە گاڵتەوە هاتووە کە هەموو کارمەندانی Pocketpair مۆڵەتی تایبەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی کاتی دەرچوونی GTA 6 بچنە گەشتێکی کاریی ئەنقەستی پێنج ڕۆژە بۆ Vice City.
هەروەها Pocketpair بەڵێنی داوە کارەکانی Palworld و Craftopia بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبن و بەپێی خشتەی دیاریکراو دەڕۆن. ئەمەش وەڵامێک بوو بۆ ئەوانەی دەیانگوت ئەم پشووە دەتوانێت مەترسی بخاتە سەر ئەم دوو یارییە.
پۆستەکە لەلایەن لایەنگرانی Palworld بە ئەرێنییەکی بەهێزەوە وەرگیرا. یەکێکیان لە ژێر پۆستەکەدا نووسیبووی «Common Pocketpair W».
ئەمە یەکەمجار نییە کۆمپانیایەک ئاوا هەنگاو دەنێت. کۆمپانیای Logitech پێشتر بڕیارێکی جیهانیی ڕاگەیاندبوو کە بەپێی ئەو هەموو کارمەندێک دەتوانێت لە ساڵی داهاتوودا ڕۆژێک پشوو وەربگرێت بۆ یاریکردن. ئەو بڕیارە نزیکەی هەفتەیەک پێش دەرچوونی GTA 6 ڕاگەیەندرا، و Logitech ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەو ڕۆژە ڕۆژی دەرچوونی یارییەکە بێت، هیچ کێشەیەکی نییە.
چاوەڕێ دەکرێت Grand Theft Auto 6 ڕیکۆردی نوێ تۆمار بکات و لە هەفتەی یەکەمدا دەیان ملیۆن کۆپی بفرۆشێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت ملیۆنان کرێکار لەو ڕۆژەدا پشوو وەربگرن یان بە نەخۆشی ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی یارییەکە یاری بکەن.