بەڕێوەبەری Paradox وازدەهێنێت
وەک سەرچاوە Eurogamer باس لەوە دەکات، Frederik Wester دوای 15 ساڵ سەرکردایەتیی کۆمپانیای Paradox Interactive دەست لە کاردەکێشێتەوە.
ماڵپەڕی Eurogamer دەڵێت، Frederik Wester ڕایگەیاندووە واز لە پۆستی CEOی کۆمپانیای Paradox Interactive دەهێنێت، دوای ئەوەی بە گشتی 15 ساڵ سەرکردایەتیی کۆمپانیاکەی کردووە. جێگری CEO، Mattias Lilja، لە 4ی کانوونی دووەمی 2027 شوێنی دەگرێتەوە.
کۆمپانیای Paradox لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتوویەتی Wester بڕیاری داوە واز لە پۆستی CEO بهێنێت بۆ ئەوەی وەک ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەران سەرنج بخاتە سەر گەشەی درێژخایەنی کۆمپانیاکە. ناوبراو تا ئەو بەروارە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی «گواستنەوەیەکی ڕێکخراو دڵنیا بکرێت». Wester گوتوویەتی: «پلانی من هەرگیز ئەوە نەبوو بۆ هەمیشە CEO بم. ئامانج ئەوە بوو بناغەیەک دروست بکەین، پێش ئەوەی ئاڵاکە بدەینە دەست قۆناغی داهاتووی کۆمپانیاکە.» ئەو هەروەها گوتوویەتی لەو کاتەوە گەڕاوەتەوە، ستراتیژییەتی کۆمپانیاکەیان ڕێکخستووە، هێڵی بەرهەمهێنانیان لە نوێوە بنیات ناوەتەوە و بەشی بازرگانییان پەرەپێداوە.
Wester لە 2003ـەوە لە Paradox کاری کردووە و دوو جار بووەتە CEO. یەکەم ماوەی لە 2009ەوە تا 2018 بوو، دواتر بوو بە سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی بەڕێوەبەران، و لە 2021 گەڕایەوە بۆ پۆستی CEO. ماوەی دووەمی سەرکردایەتییەکەی بە ئاڵۆزی تێپەڕیوە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکان یاریی Vampire: The Masquerade Bloodlines 2 بوو، کە دوای چەندین دواخستن، نزیکبوونەوە لە هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی گەشەپێدەر، تشرینی یەکەمی ڕابردوو دەرچوو. بەپێی Eurogamer یارییەکە نەیتوانی کاریگەری لەسەر ڕەخنەگران و یاریزانان دروست بکات، و Paradox ئەمساڵ ڕایگەیاند قازانجی کارکردنی 162 لەسەد کەمی کردووە.
هەمان ماوە چەند کێشەی تریشی بە خۆیەوە بینیوە. Wester ماوەی سەرکردایەتییەکەی بە دانپێدانانی «ڕەفتاری نەگونجاو» دەستپێکرد، لەگەڵ ڕاپۆرتێکی سەخت دەربارەی کلتووری کار لە کۆمپانیاکە. لەو ماوەیەدا یاریی Life By You، ڕکابەری The Sims، هەڵوەشێندرایەوە. Prison Architect 2 بێ بەروار دواخرا دوای ئەوەی Paradox لەگەڵ گەشەپێدەری ڕەسەنی Double Eleven جیابووەوە. هەروەها دوای شکستی بازرگانیی The Lamplighters League، پەیوەندییان لەگەڵ ستۆدیۆی Harebrained Schemes کۆتایی هات. Cities Skylines 2 یش دوای دەرچوونە ناخۆشەکەی لە 2023 هێشتا وەشانی کۆنسۆڵی دەرنەچووە، و ساڵی ڕابردوو دوای جیابوونەوە لە Colossal Order، ستۆدیۆیەکی نوێ گەشەپێدانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
Mattias Lilja لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتوویەتی Paradox «DNAـیەکی تایبەتی» هەیە کە وای کردووە یەکێک بێت لە گەورەکانی یارییە ستراتیژی و بەڕێوەبردنییە قووڵەکان. ناوبراو بەڵێنی داوە وردەوردە لە کارە سەرەکییەکانیان وەبەرهێنان زیاد بکەن، سنووری دیزاینی یاری بشکێنن، زیاتر لەگەڵ یاریزانان کار بکەن، و ئامراز و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ مۆدسازان و یاریزانان پەرە پێبدەن. لە لیستی یارییەکانی داهاتووی کۆمپانیاکەدا کاری بەردەوام لەسەر Crusader Kings 3، Europa Universalis 5 و Stellaris هەیە. ساڵی داهاتوو Lego Skylines دەردەچێت و یاریی ستراتیژیی پاش-قیامەت Afterworld یش لە ڕێگادایە.