یاری Nioh 3 یەکەمجار دێتە سەر Xbox لە 2027
تیمی Team NINJA دەیەوێت 2027 بکات بە «گەڕانەوەی نینجا»، و زنجیرەی Nioh بۆ یەکەمجار دەگاتە Xbox.
پێگەی Xbox Wire ڕایگەیاند تیمی Team NINJA و کۆمپانیای Koei Tecmo زنجیرەی Nioh بۆ یەکەمجار دەهێننە سەر Xbox. یاری Nioh 3 و Nioh 3: Complete Edition لە 28ی کانوونی دووەمی 2027 بۆ Xbox Series X|S دەردەچن.
Complete Edition یارییە سەرەکییەکە و دوو فراوانکراوی DLCی تێدایە، ئەوانیش Hell Rising و Bloody Insurrection. هەردووکیان چیرۆکی یارییەکە درێژ دەکەنەوە و سەردەم و شوێنی نوێ، کەرەستە، توانای شەڕ و بەهرەی نوێ زیاد دەکەن. هەروەها چەند جۆرێکی ئاستی کۆتایی یارییان تێدایە، وەک Battlefield of Carnage کە داوا لە یاریزان دەکات 100 نھۆم لە مەیدانی شەڕ ببڕێت کە پڕن لە دوژمن و سەرکردە.
Nioh 3 یارییەکی Dark Samurai Action RPGـە و لە ناوچەیەکی کراوەدا ڕوودەدات. یاریزان ڕۆڵی Tokugawa Takechiyo دەگێڕێت، کەسێک کە بەر لە دانرانی وەک Shogun، واتە فەرمانڕەوای ژاپۆن، دەکەوێتە ناو کودەتایەکەوە. برا بچووکەکەی لە ڕقەوە سوپایەک لە Yokai، واتە ڕۆحی شەیتانی، ڕێک دەخات بۆ ئەوەی ژاپۆن بگرێتە دەست. Takechiyo بە یارمەتیی ڕۆحی پارێزەر Kusanagi دەرباز دەبێت، کە دەیهێڵێت بە کاتدا بگەڕێت و لە سەردەم و شوێنی جیاوازدا شەڕ بکات.
بۆ یەکەمجار لە زنجیرەکەدا، یاریزان دەتوانێت بە ئاسانی لە نێوان شێوازی شەڕی Samurai و شێوازی نوێی Ninja بگۆڕێت. Samurai پشت بە وەستانی تایبەتی چەک دەبەستێت بۆ کۆمبۆی بەهێز، بەڵام Ninja پشت بە جووڵەی خێراتر، هێرشی ئاسمانی و دەرباز بوون دەبەستێت. یارییەکە زۆرترین ژمارەی چەکی زنجیرەکەی تێدایە، لە شمشێر و کەوان و چەکی بارووتی و تەور و ڕم و چەکی مستەوە. Transformed Arts، Ninjutsu، جادووی Onmyo و بوونەوەرە بانگکراوەکانیش بەشێکن لە شێوازی شەڕەکە.
بەپێی Xbox Wire، تیمەکە ساڵی 2025ی بە «ساڵی نینجا» ناو برد، چونکە Ninja Gaiden 2 Black و Ninja Gaiden 4ی دەرکرد. ئێستا 2027 بە «گەڕانەوەی نینجا» ناو دەبات. تیمەکە دەڵێت دوای وەڵامی بەهێزی هەواداران بۆ Ninja Gaiden 4 لەسەر Xbox، کاتی گونجاو بوو زنجیرەی Nioh بێنێتە ئەم پلاتفۆرمە، لەکاتێکدا زنجیرەکە یادی 10 ساڵەی دێت. بۆ یاریزانانی Xbox ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ دەستپێکردنی زنجیرەکە، چونکە بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکەکە پێویست بە ئاگاداری پێشوو نییە.