دوا ساڵەکانی BioWare دەبنە فیلمی بەڵگەیی
دوا دوو ساڵی تەمەنی ستۆدیۆی BioWare فیلم کراوە و لە فیلمێکی بەڵگەییی نوێدا نیشان دەدرێت.
بەپێی ماڵپەڕی IGN، دوا دوو ساڵی تەمەنی ستۆدیۆی BioWare فیلم کراوە و لە فیلمێکی بەڵگەییی نوێدا نیشان دەدرێت. فیلمەکە ناوی Massive Effect: The BioWare Story ـە و گەشتی ستۆدیۆکە لە ساڵانی دواییدا دەگێڕێتەوە. Geoff Keighley کە کەسایەتییەکی کۆنی بواری یارییەکانە، ئاشکرای کردووە ئەمساڵ چاوپێکەوتنی بۆ فیلمەکە لەگەڵ کراوە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە لە ساڵی 2027دا بڵاودەکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، Shane Fennessey و Adam Scorgie بەرهەمهێنەری فیلمەکەن بۆ کەناڵی Super Channelی کەنەدا، چونکە BioWare زیاتر ستۆدیۆیەکی کەنەدی بوو. هێشتا ڕوون نییە فیلمەکە لە ئینتەرنێتیشدا بۆ ئەوانەی دەرەوەی کەنەدا بەردەست دەبێت یان نا. فیلمەکە چاوپێکەوتنی تایبەت و بۆچوونی کەسانی ناو BioWare لەخۆ دەگرێت، وەک Casey Hudson کە بەڕێوەبەری یاریی Mass Effect بوو و Jennifer Hale کە دەنگی وەشانی مێینەی Commander Shepard ـە، لەگەڵ کەسانی دیکە.
Ray Muzyka و Greg Zeschuk، دامەزرێنەرانی BioWare، گوتوویانە کاتێک تیمی بەرهەمهێنان داوای ڕەزامەندییان کردووە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی BioWare، سەرفرازبوون و بە ڕاستی کاریگەر بوون. ئەوان دەڵێن BioWare هەرگیز تەنها لۆگۆ یان باڵەخانە نەبوو، بەڵکو چیرۆک و کارەکتەری قووڵ و کاریگەر بوو کە تیمەکانی پەرەپێدان، هاوبەشە بەرهەمهێنەر و دابەشکەرەکان و هەوادارە دڵسۆزەکان زیندوویان کردنەوە. هەروەها گوتوویانە دڵخۆشن کە فیلمەکە ڕێز لەو کەسانە دەگرێت کە ئەمەیان مومکین کرد، چونکە باشترین چیرۆکەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت.
BioWare مانگی ڕابردوو داخرا و ئەمە ئەندازیارانی بواری یاری و هەوادارانی تووشی شۆک کرد. بەپێی IGN، ستۆدیۆکە ماوەیەک بوو لە دۆخێکی ناهەموار دا بوو، دوا سێ یارییەکەی سەرکەوتوو نەبوون و یاریی داهاتووی Mass Effect چاوەڕێ دەکرا چەند ساڵێکی دیکەی پێویست بێت. لەو ڕووەوە، بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای EA بڕیاریداوە بە جیاتیی بەردەوامبوون لە پڕۆژەی نوێی Mass Effect، پشت بە یارییەکی نوێی Star Wars Battlefront ببەستێت کە DICE و Respawn دروستی دەکەن.
هێشتا ڕوون نییە فیلمەکە وێنەی نوێی ئەو یارییەی Mass Effect تێدا دەبێت کە هەڵوەشێنرایەوە یان نا. بەڵام IGN دەڵێت ئەمە دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ بینینی ناوەوەی ستۆدیۆکە و بە گوێرەی چۆنیەتیی کۆتاییهاتنی چیرۆکەکەی، ڕەنگە ڕاستەوخۆش بێت. پێشتر ڤیدیۆیەکی ڕیکلامی یاریی Mass Effect 5 کە دیارە ناوی Mass Effect Universe بووە، لە ئینتەرنێت بڵاوبووەوە. هەندێک هەوادار هێشتا هیوایان هەیە کۆمپانیایەکی دیکە مافی Mass Effect بکڕێت، بەڵام ئێستا وا دیارە ئەمە لە ئارادا نییە.