گەیمینگ

GTA 6 قەرەباڵغترین ڕۆژی مێژووی Comcast دروست کرد

کۆمپانیای Comcast دەڵێت لەو کاتەوەی لە 1963 دامەزراوە،‏ هیچ ڕۆژێکی ئاوای نەبینیوە.

کات میدیا21.11.2026 · 08:46
GTA 6 قەرەباڵغترین ڕۆژی مێژووی Comcast دروست کرد

بەپێی IGN،‏ کۆمپانیای Comcast ڕایگەیاندووە دەرچوونی GTA 6 بووەتە هۆی قەرەباڵغترین ڕۆژی ترافیکی تۆڕ لە مێژووی کۆمپانیاکە،‏ کە لە ساڵی 1963 دامەزراوە. ئەم ڕەکۆردە لە 18ی تشرینی دووەم تۆمار کراوە،‏ ڕۆژێک پێش دەرچوونی فەرمیی یارییەکە،‏ کاتێک یاریزانان دابەزاندنی پێشوەختەی یارییەکەیان کرد.

کۆمپانیای Comcast دەڵێت لووتکەی ترافیکی تۆڕەکەی 31% لە ڕۆژێکی ئاسایی زیاتر بووە و 9.6% لە ڕەکۆردی پێشووتر زیاتر. هەروەها یاریی GTA 6 بووەتە هۆی پێنج ڕۆژ لە 10 قەرەباڵغترین ڕۆژی مێژووی تۆڕەکە. 24%ی هەموو ترافیکی ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە لە کاتی لووتکەدا،‏ بۆ دابەزاندن و یاریکردنی یارییەکە بووە.

ترافیکی Twitch لە 18ی تشرینی دووەم نزیکەی 50% زیادی کرد و لە ڕۆژانی دوای دەرچوونیش بەردەوامە لە زیادبوون. Comcast بۆ ڕوونکردنەوەی ژمارەکان دەڵێت ئەو داتایەی لەو ڕۆژەدا تەنها لەسەر PlayStation و Xbox بەکارهاتووە،‏ بەسە بۆ ئەوەی یەک ملیۆن ماڵ The Odyssey بە 4K بۆ ماوەی دوو ڕۆژی ڕێک سترێم بکەن.

یارییەکە لە 19ی تشرینی دووەم بۆ PlayStation 5 و Xbox Series X/S دەرچوو،‏ بەڵام بەهۆی «فێڵی New Zealand»ـەوە بەشێکی زۆر لە یاریزانان چەند کاتژمێرێک زووتر چوونە ناو شاری Leonida. IGN دەڵێت ئەمە یارمەتیدەر بووە لە زیادبوونی ترافیک. پێشتر Comcast ڕایگەیاندبوو ترافیکی کۆنسۆڵەکانی Xbox لەو ڕۆژەدا 4 هێندە بووە.

کۆمپانیای Take-Two Interactive،‏ کە کۆمپانیای دایکی Rockstar ـە،‏ پێشتر ڕایگەیاندبوو لە یەکەم ڕۆژی دەرچوونی یارییەکەدا 3.79 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە. ئەمە یارییەکە دەکاتە گەورەترین دەرچوونی یاری لە مێژوودا و گەورەترین دەرچوونی ئەنتەرتەینمێنت لە هەموو جۆرەکانی میدیادا. IGN دەڵێت ئەمە جێگەی سەرسوڕمانە،‏ هەرچەندە پێشتر دەیزانی یارییەکە دیاردەیەکی گەورە دەبێت. ئەم سایتە 10/10ـی بە GTA 6 داوە،‏ و لەگەڵ ڕەخنەگرانی تر یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ببێتە بەرزترین هەڵسەنگاندنی هەموو یارییەکان.

سەرچاوەی هەواڵەکە: IGN

هەواڵی تر