ئەپڵ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی AI بۆ تەندروستی دەکات
بە هاوکاریی OpenEvidence دەیەوێت بزانێت وەڵامەکانی AI بۆ پرسە پزیشکییەکان چەند سوودبەخشن.
بەپێی The Verge، کۆمپانیای Apple ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیەکی نوێی بە ناوی Apple Health AI Usage Study ڕاگەیاند. ئامانجی ئەوەیە بزانرێت خەڵک چۆن لەگەڵ ئامرازە تەندروستییەکانی AI قسە دەکەن و وەڵامەکانیان لە ڕاستیدا تا چەند سوودبەخشن.
ئەم کارەیش بە هاوکاریی OpenEvidence ئەنجام دەدرێت، کە پلاتفۆرمێکی AIی پزیشکییە و کارمەندانی تەندروستی بەکاری دەهێنن. وەڵامەکانی لەسەر زانیارییە پزیشکییەکانی سەرچاوەگەلێکی وەک The New England Journal of Medicine دروست دەکات. بەشداربووان ئەپێکی نوێی iOS بەکاردەهێنن بۆ پرسیارکردنی پرسی پزیشکی، پاشان وەڵامەکان بەپێی ڕاستی، وردەکاری و پەیوەندیداریی هەڵدەسەنگێنن.
ئەپەکە ئێستا بۆ داگرتن بەردەستە و تۆمارکردنی بەشداربووان لە ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە. کۆمپانیای Apple بەدوای 200 هەزار کەسدا دەگەڕێت. بەشداربووان دەبێت تەمەنیان 21 ساڵ یان زیاتر بێت و لە ئەمریکا بن. هەرچەندە ئەپەکە Apple Intelligence بەکارناهێنێت، iPhone 15 Pro و iOS 26 یان نوێتری پێویستە. وەڵامەکان ڕوون و ئاسان دەبن و لینکی سەرچاوە کلینیکییە پیرریڤیوکراوەکانیان لەگەڵدایە. پرسیارەکان بە دەق دەنووسرێن و دیکتەکردن بە کیبۆردی iOS دەکرێت، بەڵام ئەپەکە بە Siri یان Apple Intelligence نەبەستراوەتەوە.
لە کاتی تۆمارکردندا بەشداربووان دەتوانن بە دڵی خۆیان زانیارییەکانی Apple HealthKit، وەک چالاکی، خەو یان ئەنجامی تاقیگەی کلینیکی، هاوبەش بکەن، تا وەڵامەکان زانیاریی زیاتر دەربارەی تەندروستیی تایبەتی خۆیان لەخۆ بگرن. Apple دەڵێت ڕێکاری گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی زانیارییەکان نهێنی بمێننەوە و داتای کۆکراوە بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکانی AI بەکارناهێنرێت.
Sumbul Desai، جێگری سەرۆکی Health and Fitness لە Apple، دەڵێت: «لە Apple باوەڕمان وایە نوێکاریی بەرپرسیارانە بە ووردیی زانستی و بناغەی کلینیکی دەست پێدەکات. تەندروستی زۆر کەسییە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت، بە ژیرانەترین ڕێگایە بۆ تێگەیشتن لەوەی خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەدا چۆن لەگەڵ AIی تەندروستی مامەڵە دەکەن، تێیدەگەن و هەڵیدەسەنگێنن. ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە یارمەتی گفتوگۆی زانستیی فراوانتر دەدەن و دڵنیامان دەکەنەوە کە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ئامرازی جێی متمانە دروست دەکەین کە بەڕاستی لە هەر شوێنێکی گەشتی تەندروستییاندا پشتگیری خەڵک بکەن.» ئامانجیش ئەوەیە دیزاین و کارایی ئامرازە تەندروستییەکانی AI باشتر بکرێت، تا زانیاریی تەندروستیی گونجاو بدەن کە بۆ بەکارهێنەر ئاسانتر بێت لێی تێبگات و کاری پێ بکات.