کڕینی Unity لە پلانی سعودیەکاندایە
بەپێی ڕاپۆرتەکان Silver Lake و PIF کە EA یان کڕی، ئێستا دەیانەوێت کۆمپانیای Unity بکڕن.
بەپێی ڕاپۆرتی Reuters کە IGN گواستوویەتەوە، کۆنسۆرتیۆمێکی وەبەرهێنەران کە کۆمپانیای Silver Lake Partners و سندوقی سامانی سەروەریی سعودیە PIF لەخۆدەگرێت، لەم دواییانەدا گفتوگۆیان کردووە بۆ کڕینی کۆمپانیای Unity، دابینکەری نەرمەکاڵای یاری.
Reuters بە پشتبەستن بە سەرچاوەی نهێنیی ئاگادار لە بابەتەکە باس لەوە دەکات، PIF و Silver Lake کە پێشتر 8%ـی Unityـیان هەیە، لە هەفتە ڕابردووەکاندا پەیوەندییان بە کۆمپانیاکەوە کردووە. کۆنسۆرتیۆمەکە پێش بڵاوکردنەوەی دوایین ڕاپۆرتی داهاتی Unity باسی بەهایەکی نزیکەی 25 ملیار دۆلاریان کردووە. دوای ئەو ڕاپۆرتە بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 21.5 ملیار دۆلار. بەپێی ڕاپۆرتەکە، Unity دوای ئەو پێشنیارە ڕاوێژی بە بانکێکی وەبەرهێنان کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی، بەڵام گفتوگۆکان هێشتا سەرەتاییە و هیچ ڕێککەوتنێک دڵنیا نییە.
ئەگەر کڕینەکە ئەنجام بدرێت، ئەمە دیسان وەبەرهێنانێکی گەورەی Silver Lake و PIF دەبێت لە پیشەسازیی یارییەکاندا. ئەم دوو کۆمپانیایە پێشتر لەگەڵ Affinity Partnersـی Jared Kushner کۆمپانیای Electronic Arts یان بە 55 ملیار دۆلار کڕی و ڕێککەوتنەکە لە ئاب کۆتایی پێهات. لەو کاتەوە EA گۆڕانکاریی گەورەی ناوخۆیی و داخستنی چەند ستۆدیۆیەکی ئەنجامداوە و نوێترینیان داخستنی ستۆدیۆی BioWare و هەڵوەشاندنەوەی یاریی داهاتووی Mass Effect بوو.
Unity بە بزوێنەری یاری و ئامرازەکانی پەرەپێدانەوە ناسراوە و بۆ هەزاران یاریی مۆبایل، کۆنسۆڵ و PC بەکارهاتووە، لەوانە Genshin Impact، Hollow Knight، Among Us، Subnautica و Beat Saber. هەروەها Scopelyـی دروستکەری Monopoly Go! و Niantic ـی دروستکەری Pokemon Go ئامرازەکانی Unity بەکاردەهێنن، کە هەردووکیان موڵکی گروپێکن Silver Lake و PIF و Affinity Partners تێیدان.
Silver Lake پێشتر 400 ملیۆن دۆلاری لە Unity وەبەرهێناوە و بە 8%ی بەشەکانی یەکێکە لە گەورەترین خاوەن بەشەکانی. Unity لە ساڵی 2020ـەوە کە چووە بازاڕی بورسە، لە بزوێنەری یارییەوە فراوانبووە بۆ تەکنەلۆژیای ڕیکلام و نەرمەکاڵای گشتگیرتری 3D ی ڕاستەوخۆ، و ئامرازەکانی زیاتر لە دیزاینی ئۆتۆمبێل، فیلمسازی، تەلارسازی و ڕاهێنانی پیشەسازیدا بەکاردێن. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆکان، بەشەکانی Unity نزیکەی 15% بەرزبوونەوە و لە کاتی نووسینی ڕاپۆرتەکەدا بە 48.80 دۆلار بۆ هەر بەشێک مامەڵەیان پێوە دەکرا.