تەقە لە بینای ستۆدیۆی inXile کرا
بیناکە لە شاری Tustin ـە، گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە و هۆکاری ڕووداوەکە هێشتا ڕوون نییە.
بەپێی Insider Gaming، لە دوای نیوەڕۆی 11ی تشرینی دووەم تەقە لە بینای ستۆدیۆی inXile لە شاری Tustinـی کالیفۆرنیا کراوە. Xbox ڕایگەیاندووە کەس بریندار نەبووە و پۆلیس گومانلێکراوێکی دەستگیرکردووە.
ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە چەند گوللەیەک بەر بیناکە کەوتوون. نوێنەرێکی ستۆدیۆکە بە Aftermathـی گوتووە دڵخۆشن کەس بە جەستەیی زیانی پێ نەگەیشتووە. لە ڕاگەیاندنەکەیاندا هاتووە: «دڵخۆشین کەس لە ئۆفیسی inXileـی ئێمە بریندار نەبووە. سەرنجمان لەسەر پشتگیریکردنی تیپەکەمانە و لەگەڵ پۆلیس بە نزیکی کار دەکەین هەتا لێکۆڵینەوە دەکەن.»
سەرگوردی پۆلیسی Tustin، Christopher Peterson، بە Aftermathـی ڕاگەیاندووە کە گومانلێکراوەکە ڕۆژی هەینی 13ی تشرینی دووەم دەستگیرکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە هێشتا بەردەوامە بۆ ئەوەی هۆکاری ڕووداوەکە ڕوون ببێتەوە. Peterson گوتوویەتی پۆلیس بۆ ڕاپۆرتی تەقەی ئۆتۆمبێل چووەتە شوێنەکە، چەندین پووکەی فیشەکی دۆزیوەتەوە و کەسیش بریندار نەبووە. پاشان شوێنی ڕووداوەکەیان پشکنیوە و هەینی، کەمێک پێش کاتژمێر 11ی بەیانی، گومانلێکراوەکەیان دەستگیرکردووە.
Peterson گوتی: «لێکۆڵینەوەکە هێشتا بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانرێت لە کوێ و بۆچی.» Xbox ڕایگەیاندووە پشتگیری کارمەندانی inXile دەکات و لەگەڵ دامودەزگا یاساییەکان کار دەکات.
inXile ستۆدیۆیەکی سەر بە Microsoftـە و لە پشت زنجیرە یارییەکانی Wasteland و یاریی داهاتووی Clockwork Revolutionـەوەیە. بەپێی Insider Gaming، Clockwork Revolution ئەمساڵ ڕاگەیەندرا و دووەمین یاریی تایبەت بە کۆنسۆڵی Xbox ـە لە سەردەمی Asha Sharma، دوای Gears of War: E-Day. یارییەکە بڕیارە لە 2027 دەربچێت.