دەرچوونی یارییەکان لە Steam دواکەوتووە
قەرەباڵغیی پەسەندکردن لە Steam، کە دەگوترێت بەهۆی ناوەڕۆکی AIـەوەیە، دەرچوونی یاریی سەربەخۆی دواخستووە.
بەپێی Eurogamer، چەند گەشەپێدەرێکی سەربەخۆی تر ڕایانگەیاندووە ناچار بوون بەرواری دەرچوونی یارییەکانیان دوا بخەن، چونکە داواکارییەکانی پەسەندکردن لای Valve لەسەر Steam کەڵەکە بوون. باوەڕ وایە هۆکارەکە هاتنی ناوەڕۆکی کەم کوالیتیی AI بێت بۆ ناو پلاتفۆرمەکە.
ئەم کێشەیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێکرد، کاتێک گەشەپێدەران سکاڵایان کرد کە پرۆسەی پەسەندکردنی Valve کاتی بڵاوبوونەوەی یارییەکانیان درێژ دەکاتەوە. Valve لە وەڵامدا ڕایگەیاند ئێستا پەسەندکردن دەکرێت تا 12 ڕۆژ بخایەنێت، چونکە ناچارە ژمارەیەکی زۆر لە داواکارییەکان دووبارە پشکنین بکاتەوە. بەپێی Eurogamer، دوای یەک هەفتە بارودۆخەکە باشتر نەبووە.
یاریی تاوەر دیفێنسی نۆرەیی Australia Did It: End-of-the-World Railway Defense Business کە Rami Ismail و Aesthetician Labs پێکەوە گەشەیان پێداوە، یەکێکە لە یارییە دواکەوتووەکان. بڕیار بوو ڕۆژی 10ی تشرینی دووەم دەربچێت، بەڵام ئێستا چاوەڕێی پشکنینی دوایین وەشانەکەی لای Valve دەکات. ڕۆژنامەنووسی Mystic Forge، کە بڵاوکەرەوەی یارییەکەیە، لە فۆرومی Steam نووسیویەتی چەند هەفتەیەکە چاوەڕێن و نازانن Valve کەی دەگاتە پشکنینی.
Ismail بە Eurogamerی ڕاگەیاندووە یارییەکە لە 20ی تشرینی یەکەمەوە لە ڕیزی پەسەندکردنە. لە 5ی تشرینی دووەم بەهۆی کێشەیەکی بچووکی دەستەی کۆنتڕۆڵەوە ڕەت کراوەتەوە، کە هەمان ڕۆژ چارەسەر کراوە، بەڵام دوای ئەوە هەرچەندە دووبارە داوایان کردووە هیچ وەڵامێکی بەسوودیان لە Valve وەرنەگرتووە. ناوبراو دەڵێت پێشتر 10 بۆ 14 ڕۆژ پێش دەرچوون بەسبوو بۆ ئەوەی دوو جار ڕەت بکرێتەوە و هێشتا لە کاتی خۆیدا دەربچێت.
یاریی Amazing Slot Survivor کە یەکەم یاریی تیمی TwoMenGames-ە و ئامێری سلۆت بە ژانری بوڵێت هێڤن دەمێزرێنێت، بەرواری دەرچوونی ڕاگەیەندراوی 13ی تشرینی دووەمی هەڵوەشاندەوە. دیمۆی یارییەکەش کە دەبوو لەگەڵ دەرچوونی تەواوەکەیدا لابچێت، گەڕایەوە سەر Steam. Eurogamer دەڵێت یارییەکانی Bottled by Bears و Food Devils یش کێشەی هاوشێوەیان هەیە.
Valve لەم دواییانەدا ڕێنماییی ناردنی توندتری دەرکردووە بۆ ئەوەی لاوازترین یارییەکان، وەک ئەوانەی تەواو بە gen-AI کۆد کراون، نەچنە ناو ڕیزی پەسەندکردنەوە. بەڵام Ismail پێی وایە ئەمە بەس نییە و بە Eurogamerی گوتووە: «ئەگەر ئەوانەی ناوەڕۆکی بێکوالیتی دروست دەکەن بتوانن ڕۆژانە چەند کۆپییەکی یاری لە ڕێگەی سیستەمی خۆکارەوە بنێرن، تاکە ڕێگەی Valve بۆ ڕاگرتنی ئەم شەپۆلە ئەوەیە سنوور بۆ دابەشکردنی یارییەکان دابنێت، کرێ بەرز بکاتەوە، یان پرۆسەکە ئاڵۆزتر بکات.» ناوبراو زیادی کرد هیچ ئەنجامێک نییە کە Valve بتوانێت لەسەر AI بێلایەن بمێنێتەوە و کاریش نەکات ژیان لەسەر گەشەپێدەرە ڕاستەقینەکان خراپتر بکات.