کارپێکەری Epic Games دێتە سەر SteamOS
Epic Games پشتگیریی کارپێکەرەکەی بۆ SteamOSی Valve پشتڕاست کردەوە.
بەپێی The Verge، کۆمپانیای Epic Games پشتڕاستی کردووەتەوە کە کارپێکەری Linuxـەکەی بە فەرمی پشتگیریی SteamOS و Steam Deckەکان دەکات. جەیک جۆنز، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە، ئەمەی بۆ GamingOnLinux ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ژمارەیەک دیستڕۆی دیکەی Linux.
لە ئۆکتۆبەردا Epic Games ڕایگەیاندبوو لێکۆڵینەوە دەکات بۆ گونجاندنی Fortnite لەگەڵ SteamOSی Valve کە لەسەر Linux دامەزراوە. ئەو کات Epic Games Launcher لە قۆناغی تاقیکردنەوەدا (Preview) بوو وە SteamOS بە ڕوونی وەک دیستڕۆی پشتگیریکراو لە لیستەکەدا نەبوو. ئێستا جۆنز لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی گۆڕینی AppImage بە داونلۆدەکانی .deb ـی Debian و Ubuntu، ئەم قسانەی کردووە:
جۆنز گوتوویەتی: «کارپێکەری نوێی Epic Games هێشتا لە قۆناغی Previewدایە و پلانمان هەیە هەرچی دیستڕۆی Linux بتوانین پشتگیری بکەین، لەوانە Fedora و SteamOS و Cachy و Omarchy و زیاتر. ئێمە فۆرماتەکانی بەستەبەندی بۆ بڵاوکردنەوە تاقی دەکەینەوە و هەڵیان دەسەنگێنین، وە AppImage ئەم مانگە دەگەڕێنینەوە.»
بەپێی The Verge، ئەمە بە پێویستی نیشانەی ئەوە نییە کە Fortnite دێتە سەر SteamOS. پشتگیریی Easy Anti-Cheat (EAC) Linux v2 هێشتا پرسیارێکی کراوەیە. کاتێک Epic Games کارەکانی بۆ هێنانی Fortnite بۆ Linux ڕاگەیاند، گوتبووی Steam Deck «پشتگیریی ئەو تایبەتمەندییانە ناکات کە بۆ چارەسەرەکەمان لە EAC v2 پێویستن، بەڵام ئێمە بە چالاکی لەگەڵ Valve قسە دەکەین و هیوادارین لە داهاتوودا پشتگیری بکەین.»