40%ی گەشەپێدەرانی یاری AI بەکاردەهێنن
ڕاپۆرتی GDC دەڵێت 40%ی گەشەپێدەران بەکاریدەهێنن، بەڵام ژمارەیەکی زیاتر پێیان وایە زیانبەخشە.
بەپێی Eurogamer، ڕاپۆرتێکی نوێی Game Developers Conference (GDC) دەڵێت 40%ی گەشەپێدەرانی بواری یاری ڤیدیۆیی AIـی دروستکەر لە کارەکانیاندا بەکاردەهێنن. ئەم ڕێژەیە بەدەر لە ڕەخنە و ناڕەزاییە زۆرەکان 4 خاڵ لە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوو زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەوانەی پێیان وایە ئەم تەکنەلۆژیایە زیانبەخشە لەوە زیاترە کە بەکاری دەهێنن.
ڕاپۆرتەکە State of the Game Industry ـە و زانیاریی زیاتر لە 2,300 کەس کۆکراوەتەوە، لەوانە گەشەپێدەر، بەرهەمهێنەر، بازاڕکەر، بەڕێوەبەر و وەبەرهێنەر. بەپێی ڕاپۆرتەکە، 57%ی ئەو کەسانەی دەڵێن AI بەکاردەهێنن، بۆ نووسینی دەق، توێژینەوە، دروستکردنی نموونەی سەرەتایی، کۆدنووسین و ئامادەکردنی پێشکەشکردن بەکاری دەهێنن.
جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ستۆدیۆ گەورەکان (triple-A) و ستۆدیۆ سەربەخۆکاندا دەبینرێت. 27%ی گەشەپێدەرانی triple-A دەڵێن هەست دەکەن هاندەدرێن یان فشاریان لەسەرە AI بەکاربهێنن، بەڵام لە ستۆدیۆ سەربەخۆکاندا ئەم ڕێژەیە تەنها 9%ـە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم ئامرازانە زیاتر لەلایەن بەشەکانی بەڕێوەبردنی بزنس و خزمەتگوزاری، ستۆدیۆ تایبەتەکان بە مۆبایل و گەشەپێدەرانی یاریی free-to-play بەکاردەهێنرێن. جیاوازی تەمەن و ڕەگەزیش هەیە: لە کەسانی 45 ساڵ و سەرووتر 54% بەکاری دەهێنن کە 8 خاڵ لە ساڵی ڕابردوو زیاترە، و ڕێژەی پیاوان 45%ـە لە بەرامبەر 33%ی ژنان.
لە لایەکی ترەوە، 55%ی بەشداربووان دەڵێن AI کاریگەریی نەرێنیی لەسەر یارییەکان هەیە، کە لە ڕێژەی بەکارهێنەران زیاترە. ئەم ڕێژەیە 1 خاڵ لە ساڵی ڕابردوو زیاترە. Eurogamer دەڵێت لەوانەیە هۆکارەکە لەکارلادانە فراوانەکانی بواری یاری بێت کە زۆرجار لەگەڵ AI باس دەکرێن، یان ئەو ناوەڕۆکە کەمبەهایانەی AI کە Steamیان پڕکردووە. یەکێک لە بەشداربووانی بەریتانیا دەڵێت: «من نەچوومە بوارێکی داهێنەرانەوە بۆ ئەوەی داهێنان بدەمە دەست ئەلگۆریتمێک.» بەشداربوویەکی کالیفۆرنیاش دەڵێت دەیەوێت لەگەڵ کەسانی داهێنەر هاوکاری بکات، نەک چاتبۆتێکی پێشکەوتوو بیرۆکەکانی کەسێک بەکاربهێنێت کە لە کار دەرکراوە.
بەپێی Eurogamer، بەکارهێنانی AIـی دروستکەر لە بواری یاریدا هێشتا مشتومڕی لەسەرە. کۆمپانیا گەورەکانی وەک Epic و Microsoft پشتیوانییان لێ زیاد کردووە، و ئەمەش وا دەکات ئەو جیاوازییەی لە نێوان گەشەپێدەرانی دەیانەوێت قبوڵی بکەن و ئەوانەی نایانەوێت هێشتا فراوانتر ببێت.