تەکنەلۆژیا

سڕینەوەی ملیۆنان گۆرانیی AI لە Tidal

پلاتفۆرمەکە گۆرانییە تەواو دروستکراوەکانی AI قەدەغە دەکات،‏ بەڵام ئەوانەی بە یارمەتیی AI دروست کراون قبوڵ دەکات.

کات میدیا24.11.2026 · 20:56
سڕینەوەی ملیۆنان گۆرانیی AI لە Tidal

پێگەی TechCrunch دەڵێت،‏ پلاتفۆرمی مۆسیقای Tidal ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دەست دەکات بە قەدەغەکردن و سڕینەوەی ئەو گۆرانییانەی بە تەواوی بە AI دروست کراون،‏ بۆ ئەوەی ڕێ لە لافاوی ئەو ناوەڕۆکانە بگرێت کە بۆ پلاتفۆرمەکە دەنێردرێن.

کۆمپانیاکە دەڵێت لە 90 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 43%ی ئەو گۆرانییانەی بۆ پلاتفۆرمەکە بەرزکراونەتەوە بە AI دروست کراون،‏ و ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی ئەم بڕیارە بووە. Tidal لە 9ی کانوونی یەکەمەوە دەست دەکات بە سڕینەوەیان،‏ و تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 29 ملیۆن گۆرانی لە پلاتفۆرمەکە دەسڕدرێنەوە. بەپێی ڕێساکانی نوێ،‏ ڕۆژانە نزیکەی 80 هەزار بۆ 85 هەزار گۆرانی ڕەت دەکرێنەوە.

Tidal هەروەها ڕێگە نادات خزمەتگوزارییەکانی دابەشکردن گۆرانیی 100% دروستکراوی AI بگەیەنن. ئەگەر مێتاداتای گۆرانییەک بڵێت تەواو بە AI دروست کراوە،‏ ڕەتی دەکاتەوە. ئەو گۆرانییانەی بە یارمەتیی AI دروست کراون هێشتا قبوڵ دەکرێن،‏ بەڵام ئەوانەی بە تەواوی بە AI دروست کراون نا.

Robert Anderson،‏ بەرپرسی Tidal Music،‏ لە X نووسیویەتی کۆمپانیاکە لە حوزەیراندا گۆرانییە تەواو AIیەکانی نیشانە کردووە و داهاتی بۆ ڕاگرتوون،‏ بەڵام ئەمە بەس نەبووە. Tidal دەڵێت 27 ملیۆن گۆرانی،‏ واتە 6.3%ی گۆرانییەکانی پلاتفۆرمەکە،‏ بە تەواوی بە AI دروست کراون و 96%یان هیچ گوێگرتنێکیان نییە. کۆمپانیاکە لە پۆستێکدا نووسیویەتی: «ڕاستە هەموو گۆرانییەک یەکسەر بڵاو نابێتەوە و هونەرمەندان پێویستیان بە کات هەیە بۆ دروستکردنی جەماوەر،‏ بەڵام لەم ئاستەدا ئەو مۆسیقا و هونەرمەندە ڕەسەنانەی بەشداربووانی Tidal بەدوایانەوەن دەخرێنە ژێر ئەو هەموو ناوەڕۆکەوە.»

Tidal دوای Bandcamp یەکێکە لە یەکەم پلاتفۆرمە گەورەکان کە مۆسیقای AI بە تەواوی قەدەغە دەکات. Deezer کە ئامرازی دۆزینەوەی مۆسیقای AI بۆ خزمەتگوزارییەکانی تریش دابین دەکات،‏ دەڵێت دوگمەیەک دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی بەکارهێنەران مۆسیقای AI فلتەر بکەن. Spotify و YouTube Music ڕێگایەکی نەرمتریان گرتووەتە بەر و گۆرانییە دروستکراوەکانی AIیان نیشانە کردووە،‏ نەک فلتەر یان ڕێکاری توندتر.

لەمبەینەدا کۆمپانیا مۆسیقاییەکان هەوڵ دەدەن لەگەڵ پلاتفۆرم و دروستکەرانی مۆدێلی AI هاوبەشی بکەن و کاتالۆگەکانیان بفرۆشن بۆ ڕاهێنان یان تایبەتمەندیی ڕیمیکس. بەپێی خەمڵاندنی Goldman Sachs،‏ تا ساڵی 2035 ئامرازەکانی مۆڵەتپێدانی پەیوەست بە AI و دەرفەتە نوێیەکانی داهات دەتوانن داهاتی کۆمپانیا مۆسیقاییەکان 10% زیاد بکەن.

سەرچاوەی هەواڵەکە: TechCrunch

هەواڵی تر