کۆتایی بە پڕۆگرامی Scoutsـی Sequoia هات
Sequoia پڕۆگرامی Scouts دادەخات، ئەو مۆدێلەی چەندین کۆمپانیای دیکەی سەرمایەگوزاریی شوێنی کەوتن.
کۆمپانیای سەرمایەگوزاریی Sequoia ئەم هەفتەیە لە یادداشتێک کە لە X بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند گۆڕانکارییەکی فراوان لە کۆمپانیاکەدا دەکات. بەپێی ئەو گۆڕانکارییە ئۆفیسی لەندەن دادەخات و کۆتایی بە پڕۆگرامی Scouts دەهێنێت. بەپێی ماڵپەڕی TechCrunch، چاودێران ئاگادار دەکەنەوە کە نابێت زۆر شت لە داخستنی ئۆفیسی لەندەن بخوێنرێتەوە، چونکە پایتەختی بەریتانیا دیمەنێکی گەشاوەی AIی هەیە. بەڵام کۆتاییهێنان بە Scouts زیاتر ئاڕاستەی داهاتووی سەرمایەگوزاریی ئەم بوارە نیشان دەدات.
Sequoia 17 ساڵ لەمەوبەر یەکەم کەس بوو مۆدێلی Scouts-ی دەستپێکرد. لەم مۆدێلەدا چەند دامەزرێنەر و کارگوزارێکی هەڵبژێردراو بەناوی کۆمپانیاکەوە وەبەرهێنان دەکەن. لەگەڵ زیادبوونی کێبڕکێ بۆ دۆزینەوەی ڕێککەوتنی وەبەرهێنان، چەندین کۆمپانیای دیکەی VC شوێنی Sequoia کەوتن. بەڵام TechCrunch دەنووسێت ئێستا وا دیارە ڕا و بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆدەبنەوە کە ئەم مۆدێلە بەو شێوەیەی ئێستا گەیشتووەتە سنووری خۆی.
هەموو کەسێک لە سەرەتاوە بڕوای بەم مۆدێلە نەبووە. Sheel Mohnot، سەرمایەگوزارێکی VC، لەم هەفتەیەدا لە X نووسیویەتی ئەم مۆدێلە هەرگیز لای ئەو مانایەکی نەبووە. بەپێی قسەکانی ئەو، خودی Scoutەکان زۆر گرنگی بە وەبەرهێنانەکان نادەن و هێشتا دەکرێت دەرفەتەکان لەدەست بچن، وەک ئەوەی لەگەڵ Uber ڕوویدا. Mohnot گومانی هەیە کۆمپانیای دیکەش پڕۆگرامەکانیان دابخەن. بەپێی TechCrunch، Sequoia لە یادداشتەکەدا هیچ بەڵگەیەکی دژی Scouts نەهێناوەتەوە، بەڵکو بڕیارەکەی وەک بەشێک لە پێویستییەکی گشتیتر بۆ سەرنجدانی زیاتر ڕوون کردووەتەوە. ئامانجەکەی ئەوەیە «وزەی زیاتر بخرێتە پشت کەسانی کەمتر و شتی کەمتر».
TechCrunch باس لەوە دەکات کۆمپانیای ڕکابەر Andreessen Horowitz (a16z) پێشتر تۆڕێکی جیهانیی Scoutsی دروست کردبوو بۆ دۆزینەوەی دەرفەت لە ئەمریکا و ناوەندە بچووکەکانی ئەوروپا. بەڵام Gabriel Vasquez، هاوبەشی a16z، ئەمساڵ بە TechCrunch ی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیاکەی پڕۆگرامەکەی نوێ کردووەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە «باشترین کەسەکان» ببەستێت. بەگوێرەی Vasquez، Scoutەکان بودجەی زیاتریان دەدرێتێ، بەڵام ژمارەیان کەم کراوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت چالاکتر بن، وەک ئەوەی پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیاکە ژەمی ئێوارە ڕێکبخەن. TechCrunch ئەمە بە نیشانەیەک دەزانێت کە کۆمپانیا VCـەکان خۆیان پاڵنەری نوێکردنەوەی ئەم مۆدێلەن.
Roxanne Varza، بەڕێوەبەری Station F و Scoutـی پێشووی Sequoia لە 2020 تا 2025، لە LinkedIn نووسیویەتی بە بیستنی ئەم هەواڵە «غەمگین» بووە و هیوادارە کۆمپانیای دیکە شوێنی Sequoia نەکەون. Varza بە TechCrunch ی گوتووە جگە لەوەی بە شێوەی گشتی بڵاوکراوەتەوە هیچ زانیارییەکی دیکەی نییە. بەڵام دەڵێت بوون بە Scout زۆرجار پێپلێکانەیەک بووە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە بەڕێوەبەری وەبەرهێنان. بەبڕوای ئەو، ئەم پڕۆگرامانە یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی فەرهەنگی وەبەرهێنان و دیمەنی وەبەرهێنانی قۆناغە سەرەتاییەکان لە ئەوروپا. هەروەها بە TechCrunchی نووسیوە کە ئەم پڕۆگرامانە توانیویانە ڕێگە بە Scoutەکان بدەن مێژوویەکی وەبەرهێنان و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان دروست بکەن.
TechCrunch دوو هۆکار دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە ئەم پڕۆگرامانە تەمەنی خۆیان تەواو کردبێت. یەکەم، کارگوزارە شارەزاکان وەک وەبەرهێنەری تاکەکەسی (angel) دەتوانن قازانجی زیاتر ببینن، چونکە کاتێک پارەی خۆیانە قازانجەکەش بۆ خۆیانە. دووەم، کۆمپانیا VCـە پێشەنگەکان ئێستا ئەوەندە گەورە و ناسراون کە باشترین دامەزرێنەران خۆیان دێنە لایان، بۆیە کەمتر دەترسن ڕێککەوتن لەدەست بدەن، جگە لە قۆناغە سەرەتاییەکان و بوار و ناوچەکانی دەستڕۆیشتنیان لێیان کەمترە. لەگەڵ ئەوەشدا، TechCrunch پێی وایە پڕۆگرامەکانی Scouts زیاتر نوێ دەکرێنەوە تا ئەوەی بە تەواوی نەمێنن. Varza بە TechCrunch ی گوتووە ڕێککەوتنی بەشێوەی هاوبەشی وەبەرهێنان بەردەوام دەبن و Scouts تەنها ڕێگەیەک بوو بۆ فراوانکردنی ئەو شێوازە.