بەهای OpenAI گەیشتە 1.25 تریلیۆن دۆلار
OpenAI لە خولێکی نوێی وەبەرهێنان 11 ملیار دۆلاری تری کۆکردەوە و بەهاکەی گەیشتە 1.25 تریلیۆن دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتی Bloomberg، بەهای کۆمپانیای OpenAI دوای خولێکی نوێی وەبەرهێنان گەیشتووەتە 1.25 تریلیۆن دۆلار، کە تێیدا 11 ملیار دۆلاری دیکەی کۆکردووەتەوە. ئەمەش کۆمپانیاکە دەکاتە یەکێک لە بەنرخترین کۆمپانیاکانی جیهان.
ئەم هەنگاوە کەمێک دوای ئەوە دێت کە OpenAI لە مانگی ئادار 122 ملیار دۆلاری لە وەبەرهێنەران کۆکردەوە و بەهاکەی گەیشتە 852 ملیار دۆلار.
بەپێی Bloomberg، کۆمپانیاکە هێشتا بەدوای وەبەرهێنانی زیاتردا دەگەڕێت و ڕەنگە کۆی بڕی کۆکراوە بگاتە 20 ملیار دۆلار. ئەمە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی FT و Wall Street Journalـی هەفتەی ڕابردوو یەک دەگرێتەوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکە، OpenAI لە سەرەتادا هیوای وابوو تا 30 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە بە بەهایەکی بەرزتر کە 1.4 تریلیۆن دۆلار بوو.
ماڵپەڕی The Verge باس لەوە دەکات، ئەو هیوایە پێش ئەوە بوو کە بەهای پشکەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان دابەزی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا دەریخست ڕای گشتی تا چ ڕادەیەک لە کۆمپانیاکانی AI و پڕۆژەکانی داتاسەنتەر ڕوویان وەرگێڕاوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای Anthropic کە ڕکابەری OpenAIـە، هەفتەی ڕابردوو فۆرمی S-1ـی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بێتە بۆرسە. Sam Altman بەڕێوەبەری OpenAI پێشتر لە ئەمساڵدا گوتبووی کۆمپانیاکەی هەنگاو بۆ بۆرسە ناهاوێت تا بتوانێت بە متمانەی زیاترەوە باس لە سەلامەتیی مۆدێلەکانی بکات. کاتێکی دیاریکراوی بۆ ئەم هەنگاوە نەگوتووە، بەڵام ئەوکات گوتوویەتی: «پێم وایە ئەگەر OpenAI زۆر دوا بکەوێت لە هاتنە بۆرسە، ئەوا بۆ جیهانیش باش نییە.»