تەکنەلۆژیا

ئێران هەڕەشە لە کێبڵە ژێردەریاییەکان دەکات

ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی زیادبکات، کێبڵە ژێردەریاییەکانی ئینتەرنێت دەکاتە ئامانج.

کات میدیا07.11.2026 · 10:30
ئێران هەڕەشە لە کێبڵە ژێردەریاییەکان دەکات

بەپێی ڕاپۆرتی Ars Technica، چەند تانکەری نەوتی پەیوەست بە ئێران لە کەنداوی عومان و نزیک گەرووی هورمز بەسەر کێبڵە ژێردەریاییەکانی ئینتەرنێتەوە دەسوڕێنەوە. ئەمە دەکرێت نیشانەی ئەوە بێت کە حکوومەتی ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئەم ژێرخانە ژێردەریاییانە، ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل دووبارە هێرش بکەنەوە.

بەپێی Financial Times، کۆمپانیای هەواڵگریی دەریایی Windward لە تشرینی یەکەمدا جووڵەی سێ تانکەری سزادراو و یەک بەلەمی ماسیگریی ئێرانیی لە نزیک کێبڵە گرنگەکان تۆمار کردووە. ئێستا شەش کێبڵەی چالاک بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپا، ئەفریقا و ئاسیاوە دەبەستنەوە، هەروەها دوو کێبڵەی دیکەش بەشێکیان لەو ناوچەیە لە ژێر دروستکردندایە.

کۆمپانیاکە بە داتای شوێنکەوتنی کەشتی و وێنەی سەتەلایت بەدواداچوونی بۆ کەشتییەکان کردووە و دیاریکردووە کە لە نزیک چەند کێبڵەیەک خاو بوونەتەوە و بازنەیان لێداوە. هەندێکیان دواتر ئامێری AISـی خۆیان کوژاندووەتەوە، ئەو ئامێرەی کە بە شێوەی ئاسایی شوێن و زانیاری کەشتییەکە بڵاودەکاتەوە. Windward بە Financial Timesـی ڕاگەیاندووە ئەم جووڵانە ڕەنگە واتای «نەخشەکێشانی ڕێڕەوی کێبڵەکان، یان دانانی بۆمب و مین لەسەریان لەکاتی کوژاندنەوەی ئامێرەکاندا» بێت. هەروەها لە نووسینێکی 26ی تشرینی یەکەمدا باسی دوو تانکەری سزادراوی کردووە کە چەند ڕۆژێک ڕاستەوخۆ بەسەر ڕێڕەوی کێبڵەکانەوە ماونەتەوە، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی بازرگانییان هەبێت و هیچ بارێکی بازرگانییشیان هەڵگرتبێت.

گرنگیی ئەم هەواڵە لەوەدایە کە چوار وڵات، واتە عێراق، کوەیت، بەحرەین و قەتەر، بە تەواوی پشت بەو کێبڵە ژێردەریاییانە دەبەستن کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن بۆ پەیوەندیکردن بە دونیای دەرەوە. وڵاتانی دیکەش پشتیان پێیان بەستووە؛ بۆ نموونە یەک لەسەر سێی هاتووچۆی ئینتەرنێتی ڕۆژاوای هیندستان بە کەنداوی فارس و گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. یەکێک لە کێبڵە لە ژێر دروستکردنەکان، 2Africa، موڵکی کۆنسۆرتیۆمێکی تەکنەلۆجیایە کە کۆمپانیای ئەمریکیی Metaـی تێدایە، و یەکێک بووە لەو ڕێڕەوە سەرەکییانەی کەشتییە پەیوەستەکان بە ئێرانەوە سەردانیان کردوون.

ئەم جووڵانە دوای هەڕەشەی ئاشکرای ئێران دێن. بەپێی Ars Technica، لە ئایاری 2026 قسەکەری سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران «باج دەخاتە سەر کێبڵەکانی ئینتەرنێت»ی موڵکی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە ئەمریکییەکان و خاوەنەکانی دیکە. دواتر چەند بەرپرسێکی ئێرانی و فەرماندەی IRGC ئاگاداریان کردووەتەوە کە دەکرێت ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ئەو کێبڵانە. ئەمە دوای ئەوە بوو کە دۆناڵد ترەمپ چەندجارێک هەڕەشەی نوێکردنەوەی هێرشە گەورەکانی ئەمریکای کرد و لە وتارێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 22ی ئەیلوولدا گوتی دەتوانێت ئێران «لەناوببات». لە 20ی تشرینی یەکەمدا قسەکەرێکی IRGC گوتی: «حەوت کێبڵەی گەورە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن و پشتگیریی کارەکانی ئینتەرنێتی جیهانی و گواستنەوەی داتای بازرگانی دەکەن. ئێمە ئەمە بە دوژمن بیردەخەینەوە.»

زیانی گەورە پێشتر گەیشتووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەوە ژمارە کەمی ئەو کەشتییانەی کێبڵە دادەنێن و چاک دەکەنەوە نەیانتوانیوە بە سەلامەتی بچنە ناوچەکە، ئەمەش وای کردووە پرۆژەی فراوانکردنی کێبڵەی 2Africa بوەستێت. جەنگەکە کۆمپانیا تەکنەلۆجییە ئەمریکییەکان و وڵاتانی کەنداویشی ناچار کردووە خێراتر بەدوای ڕێڕەوی جێگرەوەدا بگەڕێن کە گەرووی هورمز تێپەڕ بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتی 2026 جەنگێکی گەورەیان دژی ئێران دەستپێکردووە و تشرینی یەکەم بە زۆرترین هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەستپێکی جەنگەوە تۆمار کراوە.

سەرچاوەی هەواڵەکە: Ars Technica

هەواڵی تر