ئەجێنتەکانی AI کەلێنی 0-dayیان دۆزییەوە
بەپێی Amazon، هاکەران بە چوارچێوەی Cairn و کەمترین دەستی مرۆڤ کەلێنێکیان دۆزییەوە و بەکاریان هێنا.
پێگەی Ars Technica دەڵێت، کۆمپانیای Amazon ڕایگەیاندووە ئەجێنتەکانی AI تازە کەلێنێکی 0-dayیان لەسەر سێرڤەری زانکۆیەکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دۆزیوەتەوە و بەکاریانهێناوە. جگە لە فەرمانێکی سادە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی root، هیچ چاودێرییەکی مرۆڤ لە ئارادا نەبووە.
ئەجێنتەکان لەسەر Cairn کاریان کردووە، کە چوارچێوەیەکی کراوەی تاقیکردنەوەی دزەکردنە بە AI. هاکەران فەرمانەکانیان بە چینیی سادەکراو نووسیوە و مۆدێلەکەیان لەسەر کاتی ستانداردی چین ڕێک خستووە. لیستێک IPیان داوەتە ئەجێنتەکان و ئامانجەکەیان «obtain shell access» بووە. ئەجێنتەکان لە ماوەیەکی کورتدا کەلێنێکی 0-dayیان لە ئەپێکی کراوەی AI بۆ وێنەگرتنی پزیشکی دۆزییەوە کە لەسەر یەکێک لە سێرڤەرەکان کاری دەکرد، ئینجا کەلێنەکەیان بەکارهێنا و کۆنتڕۆڵی تەواوی سیستەمەکەیان گرتە دەست.
بەپێی Amazon، ئەجێنتەکان چوارچێوەی ئەپەکەیان ناسییەوە، ڕێگا API یەکانیان نەخشە کرد و ئەندپۆینتێکی بارکردنیان دۆزییەوە کە پارامیتەرێکی filenameی هەبوو. ئەو پارامیتەرە بۆ path traversal لاواز بوو. نزیکەی 11 خولەک بەس بوو تا ئەجێنتەکان لە نەخشەکردنی API یەوە بگەنە نووسینی فایل بە دڵی خۆیان لەسەر سێرڤەرەکە. لە دانیشتنێکی دواتردا ئەجێنتەکان هەمان کەلێنیان بەکارهێنا بۆ نووسینی کۆدی reverse shellـی Python لە فایلی sitecustomize.py، پاشان ئەندپۆینتی training APIیان کارا کرد تا پرۆسەیەکی نوێی Python دەست پێ بکات. ئەو پرۆسەیە کۆدەکەی خوێندەوە و reverse shellێکی بە دەسەڵاتی root دامەزراند.
لە کاتی دۆزینەوەدا ئەو کەلێنە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی ئاسایشی نەبوو و چاک نەکرابوو. تیمی Amazon Threat Intelligence بە متمانەیەکی بەرز دەڵێت 0-dayە، چونکە لە داتابەیسەکانی کەلێنەکان هیچ چارەسەر، ئیشوو، ئاگادارکردنەوە یان ئاماژەیەکی پێشوو بۆ پرۆژە کراوەکە نەدۆزرایەوە.
هەموو هێرشەکان سەرکەوتوو نەبوون. ئەجێنتەکان زیاتر لە 16 کاتژمێر هەوڵیان دا بۆ هێرشکردنە سەر سێرڤەرێکی Redis و خزمەتگوزارییەکی تر بە Log4Shell، بەڵام هیچیان سەرنەکەوتن. لە کارێکی جیاوازدا نزیکەی 6 کاتژمێر هەوڵیان دا بۆ هێرشکردنە سەر سێرڤەری GPUی زانکۆیەک. لیستێکی 80 ناوی بەکارهێنەری ڕاستەقینەیان لە سەرچاوە گشتییەکانی زانکۆکە دروست کرد و بە 30,000 تێکەڵەی ناو و پاسۆرد تاقییان کردنەوە، بەڵام ئەوەش سەری نەگرت. لە دانیشتنێکی دواتردا هاکەران دەستێوەردانیان کرد و پڕۆکسییەکیان دایە ئەجێنتەکان کە بۆ تۆڕی زانکۆیەکی دووەم تونێلی دروست کردبوو. Amazon دەڵێت ئەو سێرڤەرەی پڕۆکسییەکە پێوەی بەستراوە هەمان نەرمەکاڵای لاوازی هەبووە و پێی وایە هاکەر بە هەمان کەلێن دەستی بەسەردا گرتووە.
Cairn بۆ بەرگریکاران دروست کراوە، بەڵام هێرشبەرانیش سوودی لێ دەبینن. کۆمپانیای Palo Alto Networks پێشتر لەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو هاکەران بەکاریان هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر ڕێکخراوەکانی کەرتی نیوەگەیەنەر، بەرگری و کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەو هەڵمەتە 25 کاری ئۆتۆنۆمی دژی نزیکەی 19 ڕێکخراو ئەنجام داوە و نزیکەی 10 ڕێکخراو بەسەرکەوتوویی دزەیان پێ کراوە.
Amazon دەڵێت ئەم دۆزینەوانە نیشانی دەدەن هێرشی ئەجێنتی لە ئێستادا ڕوودەدات و بەرگریکاران دەبێت خۆیان بۆ خێرایی و بەردەوامیی ئەم ئامرازانە ئامادە بکەن. ئەجێنتێک کە 0-dayێک لە چەند خولەکێکدا دەدۆزێتەوە و بەکاری دەهێنێت، خێراتر کار دەکات لەوەی زۆر ناوەندی ئاسایش بتوانن ئاگادارکردنەوەکە بە دەست پشکنین بکەن.