دەیان کەشتیی نەوت هاک کران و ئێران گومانلێکراوە
بەپێی ڕاپۆرتێک، ئێران سەرەکیترین گومانلێکراوە لە دەیان هێرشی سایبەری بۆ سەر کەشتییە نەوت و کیمیاییەکان.
پێگەی TechCrunch دەڵێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی The Wall Street Journal، بەرپرسانی ئەمریکا گومان دەکەن هاکەرانی ئێرانی لە پشت نزیکەی 50 هێرشی سایبەری بن کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کراونەتە سەر کەشتییەکانی گواستنەوە.
ئەو کەشتییانەی نەوت، گازی شلەمەنیکراو و کیمیای تەقێنەریان دەگواستەوە، لە کاتی گەشتکردنیان بە ئاسیا و ئەوروپادا هاک کراون. هەروەها سیستەمی ڕێنیشاندەری چەند کەشتییەکی نەوت شکێندراوە کە لە مانگی ئاب بەرەو کەناراوەکانی ئەمریکا دەچوون. لەو بارەیەوە تیمە سایبەرییەکانی FBI و پاسەوانی کەناراوی ئەمریکا سواری کەشتییەکان بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسان لێکۆڵینەوە دەکەن بزانن ئایا ئێران شەپۆلی هێرشە سایبەرییەکانی دژی ئەمریکا بەرین دەکاتەوە بە کردنە ئامانجی کەشتیی گەورە. ئامانجەکەی دەتوانێت ترس لەناو خاوەن بارەکان بڵاو بکاتەوە، ڕێڕەوەکان تێک بدات، یان لە بەندەرێکدا تەقینەوە دروست بکات. کەشتییەکان کۆنتڕۆڵی یەدەگیان هەیە بۆ ئەو کاتانەی سیستەمە ئۆتۆماتیکییەکان هاک دەکرێن یان لەکار دەکەون.
ڕەنگە هاکەران سوودیان لە کەلێنێک بە ناوی FortiBleed وەرگرتبێت کە ڕێگە دەدات تۆڕەکان لە ڕێگەی ڕاوتەرە لاوازەکانی کۆمپانیای Fortinet بشکێنرێن. ئاگادارکردنەوەیەکی هاوبەشی FBI و پاسەوانی کەناراو لە مانگی ئەیلوولدا ئاگاداری کردبوویەوە کە ڕاوتەرەکانی Fortinet لەسەر کەشتییەکان بەکاردێن.
ئێران لە سەرەتای جەنگی ئەمسای بە سەرکردایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی وڵاتەکەی، کە سەرکردە باڵاکەی کوشت، لە هەموو لایەکەوە وەڵام دەداتەوە. زۆرێک لە وەڵامدانەوەکانی هێرشی سایبەری بوون و بەرپرسانی ئەمریکا ئێرانیان بە هاککردنی سەدان دابینکەری ئاوی ئەمریکی و کۆمپانیای تەکنەلۆژیای پزیشکی تاوانبار کردووە. وتەبێژی FBI وەڵامی داواکاریی لێدوانی دەربارەی هاککردنی کەشتییەکان یان ژمارەیەکی ورد نەداوەتەوە.