Drops گۆرانی ناردن بۆ هاوڕێیان ئاسان دەکات
Drops ئەپێکی نوێیە بۆ دۆزینەوەی مۆسیقا بە بڕگەی 10 بۆ 30 چرکەیی گۆرانییەکان.
بەپێی هەواڵێکی TechCrunch، کۆمپانیای Harman، کە لقێکی Samsungـە، دووشەممە ئەپێکی نوێی بە ناوی Drops بڵاوکردەوە بۆ دۆزینەوەی مۆسیقا. ئەپەکە لە ئەمریکا لەسەر iOS و Android بەردەستە و ئامانجی ئەوەیە دۆزینەوەی مۆسیقا دیسان ببێتە کارێکی کۆمەڵایەتی.
Drops شێوازی سکرۆڵکردنی ستوونیی TikTok بەکاردەهێنێت، بەڵام لەجیاتی ڤیدیۆ، بەکارهێنەر بڕگەی کورتی گۆرانییەکان دەبینێت و هیوادارە ئەرتیستی دڵخوازی داهاتووی خۆی بدۆزێتەوە. ئەم بڕگانە 10 بۆ 30 چرکەن و لەگەڵ وشەکانی گۆرانی، وێنەی ئەلبوم، وێنەی ئەرتیست و کەپشن پیشان دەدرێن. بیرۆکەکە ئەوەیە گوێگر بەشێکی ئەوەندە لە گۆرانییەکە ببیستێت کە سەرنجی ڕابکێشێت، جا دێڕێکی باش بێت، هۆکێکی بەسەرنج یان ڕیتمێک کە بیهەوێت زیاتر گوێی لێ بگرێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت Drops دەیەوێت ئەو شێوازە بگەڕێنێتەوە کە خەڵک پێشتر مۆسیقای نوێیان پێ دەدۆزییەوە. پێش ئەوەی پێشنیارە ئەلگۆریتمییەکان باو ببن، خەڵک زۆرجار لە ڕێگەی هاوڕێیان، بلۆگە مۆسیقییەکان و کۆمەڵگە ئۆنلاینەکانەوە گۆرانیی نوێیان دەناسی. بەپێی Clare Hunter، بەڕێوەبەری گشتیی Drops، کاتێک گۆرانییەک بۆ هاوڕێیەک دەنێریت، زۆرجار دەڵێیت «دەبێت گوێی لێ بگریت» و دواتر دەنووسیت «بڕۆ بۆ 1:47، ئەوە باشترین بەشەکەیە». ئەو بەشەی کاریگەرە زۆرجار چرکە یەکەمەکان نییە و پێشتر ڕێگایەکی باش نەبوو بۆ ناردنی تەنها ئەو ساتە. Hunter بە TechCrunchی ڕاگەیاند کە بیرۆکەی Drops دوای ئەوە دەستی پێکرد کە Harman لە ساڵی 2023 کۆمپانیای نەرمامرازی بەڕێوەبردنی مۆسیقای Roon ی کڕی.
ئەپەکە بە چەند تابێک ڕێکخراوە، کە «For You»، «New»، «Showcase» و «Following»ن، لەگەڵ هاشتاگی پەیوەندیدار و باو. بەکارهێنەر دەتوانێت لایک بکات، کۆمێنت بنووسێت، دووبارە بڵاوی بکاتەوە، هاوبەشی بکات و گۆرانییەکان لە کۆمەڵەیەکدا هەڵبگرێت کە ناوی Droplistsە. هەروەها دەتوانێت گۆرانی ڕاستەوخۆ بۆ بەکارهێنەرانی تر بنێرێت، پڕۆفایلەکانیان فۆڵۆو بکات و نامەی تایبەت ئاڵوگۆڕ بکات. بۆ گوێگرتن لە گۆرانییە تەواوەکە، Drops لەگەڵ خزمەتگوزارییە گەورەکانی ستریمینگ وەک Apple Music، Qobuz و TIDAL یەکخراوە و بەکارهێنەر دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو خزمەتگوزارییەی بەستوویەتییەوە ڕاستەوخۆ بچێتە سەر وەشانە تەواوەکەی.
کۆمپانیاکە دەڵێت لە دەنگ و ڕووکارەکاندا generative AI بەکارناهێنێت. گۆرانییەکان بەو شێوەیە دەردەکەون کە لە ڕەسەندا بڵاوکراونەتەوە و وێنەی ڕەسمیی ئەلبوم و وێنەی ئەرتیستی خاوەن مۆڵەت بەکاردێن. هەروەها Drops پارە دەداتە خاوەن مافەکان و ژمارەی گوێگرتنەکان بۆ هاوبەشەکانی دەگەیەنێت، لەوانە Universal Music Group، Beggars Group، Empire، Symphonic Distribution و UnitedMasters. گوێگرتنەکان لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە وەک ستریم دەژمێردرێن، واتە Drops نایەوێت جێگەی ئابونەی مۆسیقای ئێستا بگرێتەوە. ئەپەکە ئێستا تەنها بە بانگهێشت بەردەستە و بەکارهێنەرانی ئەمریکا دەتوانن بچنە لیستی چاوەڕوانییەوە.