زانیاریی کڕیارانی JPMorgan Chase دزەی کرد
بانکەکە دەڵێت کۆمپانیایەکی لایەنی سێیەم هێرشی کراوەتەسەر و ناو و ئیمەیلی کڕیاران ئاشکرا بووە.
بانکی JPMorgan Chase ڕایگەیاندووە چەند کۆمپانیایەکی لایەنی سێیەم کە خزمەتگوزاری بە بانکەکە دەگەیەنن، ڕووبەڕووی هێرشی سایبەری بوونەتەوە و زانیاریی مارکێتینگی وەک ناو و ئیمەیلی هەندێک کڕیار ئاشکرا بووە. ئەم ڕاگەیاندنە دوای ڕاپۆرتێکی Cybernews دێت. پێگەی Cybernews دەڵێت گرووپێکی ransomware ئیمەیلی نزیکەی 16,000 کڕیاری بانکەکەی بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی بانکەکە، لێکۆڵینەوەکانی ئێستا نیشانی دەدەن هێرشبەران دەستیان گەیشتووە بە هەندێک زانیاریی مارکێتینگ لای ئەو کۆمپانیایانە، کە لەوانەیە ناو و ئیمەیلی هەندێک کڕیار بگرێتەوە. بانکەکە دەڵێت خزمەتگوزارییەکانی تووشی وەستان نەبوون. هەروەها ئەگەر پێویست بکات، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو کڕیارانەوە دەکات کە کاریگەریان لەسەر بووە و پشتگیرییان پێشکەش دەکات، لەوانە چاودێریی کرێدیتی بێبەرامبەر.
بانکەکە جەخت دەکاتەوە ئەم دزەکردنە هیچ پەیوەندییەکی بە وەستانی خزمەتگوزارییەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نییە. کۆمپانیاکە پێشتر هۆکاری ئەو وەستانەی بە هەڵەیەکی سۆفتوێر گەڕاندبووەوە.
بەپێی Cybernews، دیتاسێتە بڵاوکراوەکە دەچێت زانیاریی پەیوەست بە بەرنامەی Reserve ـی بانکەکەی تێدا بێت، کە تەنها بە بانگهێشتکردن بەشداربوون تێیدا دەکرێت.
ئەو گرووپەی بەرپرسیارێتیی ئەم دزەکردنەی گرتووەتە ئەستۆ، دەڵێت Visa و Mastercardیشی کردووەتە ئامانج. بەپێی Cybernews، هەردوو کۆمپانیاکە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کۆمپانیایەکی لایەنی سێیەمیان کە خزمەتگوزارییان پێدەگەیەنێت، هێرشی کراوەتەسەر. Visa لە ڕاگەیاندنێکدا بۆ Cybernews دەڵێت هیچ نیشانەیەک نییە بۆ ئەوەی زانیاریی پارەدان وەک ژمارەی کارت کاریگەری لەسەر بووبێت. Seth Eisen، گوتەبێژی Mastercard، بە The Verge ی گوتووە ئەم دزەکردنە بڕێکی سنووردار ئیمەیڵی ئاشکرا کردووە کە دەگەڕێنەوە بۆ بەشێکی کەمی خاوەن کارتەکان کە لە بەرنامەیەکی سوودی دیاریکراودا تۆمارکراون.
Cybernews دەڵێت ئەگەر دیتاسێتەکان ڕاست بن، زانیارییەکانی 6,000 کڕیاری پریمیۆمی Visa و نزیکەی 2,000 کڕیاری Mastercardی تێدایە.