تەکنەلۆژیا

لیستی نهێنیی Apple بۆ وشە قەدەغەکراوەکانی کیبۆرد

توێژەرێک زیاتر لە 100,000 وشەی دۆزییەوە کە iOS لە پێشنیارە خۆکارەکانی کیبۆرد قەدەغەی کردوون.

کات میدیا07.11.2026 · 00:10
لیستی نهێنیی Apple بۆ وشە قەدەغەکراوەکانی کیبۆرد

بەپێی ڕاپۆرتی Reuters کە ماڵپەڕی The Verge گواستوویەتەوە، توێژەرێک بە ناوی Derik Kauffman زیاتر لە 100,000 وشە و دەستەواژەی دۆزیوەتەوە کە کیبۆردی iOS لە پێشنیارە خۆکارەکان و swipe-type قەدەغەی کردوون. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم لیستەیە بە «هەموو زمانە سەرەکییەکان» دەگرێتەوە.

Kauffman دەڵێت هێشتا دەتوانرێت ئەو وشانە پیت بە پیت بنووسرێن، بەڵام وەک پێشنیاری پێشبینیکراو دەرناکەون. هەروەها کیبۆردی iOS لە کاتی swipe-type دا ڕەنگە بە شێوەیەکی خۆکار ئەو وشانە بگۆڕێت، وەک گۆڕینی «left wing conspiracy» بۆ «left wrong conspiracy». Kauffman تەواوی لیستەکەی بە ئۆنلاین بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ لیستی جیاواز بۆ هەر زمانێک.

ماڵپەڕی The Verge باس لەوە دەکات زۆربەی وشە و دەستەواژەکانی ناو لیستەکە سووکایەتی و جنێون، یان پەیوەستن بە بابەتەکانی سێکس و مادەی هۆشبەر. بەڵام دەستەواژەی سیاسیش تێدایە، وەک «illegal immigrant» و «dictator Trump» و «sleepy Joe» و «covid was a hoax» و «left wing conspiracy». هەندێک دەستەواژەی ئاساییتریش لەناویدان، وەک «Santa isn't real» و «iMessage isn't working». Kauffman چەند جیاوازییەکیشی لە لیستەکەدا دۆزیوەتەوە، بۆ نموونە دەستەواژەی «bad girl» قەدەغەکراوە بەڵام «bad boy» قەدەغە نەکراوە.

بەپێی Reuters، Kauffman بۆ دۆزینەوەی لیستەکە، کە لە «قووڵایی» iOS دا شاردرابووەوە، سوودی لە OpenAI Codex و Anthropic Claude Code وەرگرتووە. Kauffman لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا دەڵێت لیستەکە وەک hash table هەڵگیرابوو و توانیویەتی بیگەڕێنێتەوە بۆ دەق. توێژەرێکی دیکەش بە Reuters ڕایگەیاندووە کە خۆی بە سەربەخۆیی هەمان لیستی دەستکەوتووە.

Apple بە Reuters ڕایگەیاندووە کیبۆردەکەی بۆ دووركەوتنەوە لە پێشنیاری نەگونجاو و سووکایەتیئامێز دیزاین کراوە، بەڵام بەکارهێنەرانی iPhone هێشتا دەتوانن هەرچییەک بیانەوێت بینووسن یان پێشنیارەکانی کیبۆرد ڕەت بکەنەوە. بەپێی The Verge، Apple هێشتا وەڵامی داواکاریی ماڵپەڕەکەی نەداوەتەوە بۆ لێدوان.

سەرچاوەی هەواڵەکە: The Verge

هەواڵی تر