شوێنپێکەری نوێی Samsung تا 550 ڕۆژ باتریی دەگرێت
کێشی تەنها 9.15 گرامە و 33% سووکتر و 35% بچووکترە لە وەشانی پێشووی، بۆ دۆزینەوەی شتومەک و ئاژەڵی ماڵی.
کۆمپانیای Samsung شوێنپێکەرێکی نوێی بچووکی بە ناوی Galaxy SmartTag3 دەرکرد، کە بۆ دۆزینەوەی شتومەکی کەسی یان ئاژەڵی ماڵی بەکاردێت. بەپێی Samsung Newsroom، کێشی ئەم شوێنپێکەرە تەنها 9.15 گرامە، نزیکەی 33% سووکتر و لە ڕووی قەبارەوە 35% بچووکترە لە وەشانی پێشووی. باتریەکەشی لە باری ستانداردا تا 550 ڕۆژ دەگرێت و لە باری Power Saving Mode تا 790 ڕۆژ.
یەکێک لە گرنگترین پێشکەوتنەکان Compass View ـە. ئەم تایبەتمەندییە بە Bluetooth 6.0 Channel Sounding کار دەکات و مەودای دۆزینەوە نزیکەی سێ هێندە زیاتر دەکات لە وەشانی پێشوو. بەپێی هەلومەرجەکە، بە شێوازی کومپاس ئاڕاستە و دووریی شوێنپێکەرەکە نیشان دەدات تا مەودای 60 مەتر. ئەمەش لە شوێنە کراوە گەورەکانی وەک کەمپ یان فێستیڤاڵ یارمەتیدەرە.
جیاواز لە Bluetooth Low Energy ی ئاسایی کە نزیکی بە هێزی سیگناڵ مەزەندە دەکات، Channel Sounding گۆڕانی قۆناغی شەپۆلی ڕادیۆیی و کاتی گەشتکردنی سیگناڵ لە چەند کەناڵێکدا دەپێوێت بۆ ئەوەی دووری ورداتر بژمێرێت. کاتێک مۆبایلەکەت لە 20 مەتری شوێنپێکەرەکەدایە، ultra-wideband یان UWB وردییەکی زیاتر دەدات.
ئەگەر شوێنپێکەرەکە لە مەودای بلوتووسی مۆبایلەکەت دەرچێت، هێشتا دەکرێت بدۆزرێتەوە. لە Location History ی SmartThings دا دەتوانیت ببینیت لە 7 ڕۆژی ڕابردوودا لە کوێ دۆزراوەتەوە و شوێنەکان بە ڕیزبەندیی کات لەسەر نەخشە پیشان دەدرێن. ئەم تایبەتمەندییە پشت بە تۆڕی Galaxy Find Network دەبەستێت کە زیاتر لە 900 ملیۆن ئامێری Galaxy لە جیهاندا دەیانگرێتەوە. زانیاریی شوێنەکە بە کلیلێکی تایبەتی هەر ئامێرێک کۆد دەکرێت و تەنها خاوەنی شوێنپێکەرەکە دەیبینێت. سێرڤەرەکانی ئەکاونتی Samsung و ئەو ئامێرانەی سیگناڵەکە دەگوازنەوە ناتوانن ببینن. لە Lost Mode یشدا هەرکەسێک شوێنپێکەرەکە بدۆزێتەوە دەتوانێت بە NFC سکانی بکات و زانیاریی پەیوەندیی خاوەنەکەی و پەیامەکەی ببینێت.
لە ڕووی ماڵی زیرەکەوە، دوای نوێکردنەوەی ئەپی SmartThings تایبەتمەندیی «Notify when arriving or leaving» کە پێشتر تەنها لەگەڵ SmartThings Station بوو، ئێستا لەگەڵ Smart Home Hubs و Samsung Smart TV ـەکانی خاوەن هەبی ناوخۆییش کار دەکات. ئەم تایبەتمەندییە پشت بە وەرگرتنی سیگناڵی ڕادیۆیی شوێنپێکەرەکە لەلایەن هەبەکەوە دەبەستێت، نەک GPS. دوگمەی شوێنپێکەرەکە دەکرێت وەک دوگمەی ئۆتۆمەیشنیش بەکاربێت، بە یەک جار یان درێژ فشارکردن Routine ی ئامێرە گونجاوەکان کار پێ بکرێت، وەک «movie mode» کە چەند ئامێرێک پێکەوە کۆنترۆڵ دەکات.
بە بەستنی Galaxy SmartTag3 بە شتومەکی وەک جانتا، بایسکل و جانتای گەشت و تۆمارکردنی لە SmartThings، بەکارهێنەر دەتوانێت شتەکانی بدۆزێتەوە و ئاگادارکردنەوەی گەیشتن، جێهێشتن و جووڵە وەربگرێت. هەروەها دەتوانێت شوێنی شوێنپێکەرەکە لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانی هاوبەش بکات.