ماسک: SpaceX چارەسەری بۆ ناوچە بێ سیگناڵەکان هەیە
SpaceX دیزاینی بورجێکی بچووکی مۆبایلی تەواو کردووە کە لەسەر سەربان دادەنرێت و داپۆشینی تۆڕ باشتر دەکات.
بەپێی پێگەی TechCrunch، Elon Musk ڕایگەیاند SpaceX دیزاینی بورجێکی مۆبایلیی بچووکی تەواو کردووە کە لەسەر سەربان دادەنرێت. بە وتەی ئەو، ئەم بورجە دەتوانێت داپۆشینی تۆڕ بۆ مۆبایلەکان باشتر بکات و ناوچە بێ سیگناڵەکانی ناو بینا نەهێڵێت، ئەو شوێنانەی سیگناڵی ڕاستەوخۆی ئەستێرە دەستکردەکانی Starlink بە ئاستەم پێیان دەگات. Musk ئەمەی لە چاوپێکەوتنێکدا لە DealBook Summit ئەم هەفتەیە وتووە.
Musk وتی چاوەڕێ دەکرێت ئەم بورجە بچووکانە لە ساڵی 2027 بچنە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە. هەروەها ڕایگەیاند کۆمپانیاکە ساڵی داهاتوو ئەستێرە دەستکردەکانی Direct-to-Cell V2 دەخاتە سەر ڕێگا، کە پانتایی باندەکە 40 ھێندە زیاد دەکات. بەڵام بە وتەی ئەو، پارچەیەک لەم پازڵەدا کەمە: ئەگەر لە ناو بینایەک بیت، بەتایبەتی بە سەربانی مەعدەنی، ئەوا سیگناڵی بۆشایی ئاسمان بڵۆک دەکرێت. بۆیە پێویستیان بە شتێکی زەوینی هەیە بۆ ئەو حاڵەتانەی خەڵک لە بیناکانی خاوەن سەربانی ستووردان.
Musk بورجەکەی بە «شتێکی مایکرۆ-بورج کە تەنیا دایدەنێیت لەسەر سەربانەکەت، وەک ئەنتێنای Starlink» وەسف کرد. پێگەی TechCrunch دەڵێت Musk پێشتر چەندین جار کاتی بەرهەمهێنانی خۆی تێپەڕاندووە، و لەم چاوپێکەوتنەشدا بە دڵنیاییەوە قسەی نەکرد و تەنیا وتی «پێم وایە ساڵی داهاتوو دەچنە بەرهەمهێنانەوە».
ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای چەند ساڵێک کاری SpaceX بۆ تۆڕی مۆبایل دێت. بەپێی TechCrunch، کۆمپانیاکە سەرەتا تەرکیزی لەسەر کڕینی سپێکترەمی بێتەل بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 FCC ڕەزامەندی دا بە پلانەکانی بۆ پێشکەشکردنی شێوەیەکی ڕاستەوخۆی Starlink بۆ مۆبایل بە هاوبەشی T-Mobile. لە ساڵی 2025 SpaceX ڕێککەوتنێکی بە 17 ملیار دۆلار لەگەڵ EchoStar مۆر کرد، و ئەمساڵیش ڕێککەوت پۆرتفۆلیۆیەکی سپێکترەمی low-band بە بەهای 8 ملیار دۆلار بکڕێت. Musk دەڵێت تێکەڵکردنی ئەم سپێکترەمە لەگەڵ بورجە بچووکەکان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیگناڵ و کۆتاییهێنان بە کێشەی ناوچە بێ سیگناڵەکان.
ئایدیاکە تازە نییە، بەڵام تا ئەم هەفتەیە ڕوون نەبوو SpaceX تا چەند لە پەرەپێدانی هاردوێرەکەدا پێشکەوتووە. Gwynne Shotwell، سەرۆکی SpaceX، لە کۆنفرانسی داهاتی مانگی ئاب وتبووی کۆمپانیاکە بورجی گەورە بەکار ناهێنێت و لەجێیاندا stationی بچووکی کەم-هێزی مۆبایل دادەنێت. بەپێی TechCrunch هێشتا وردەکارییەکان یەکلا نەکراونەتەوە، و Musk وتی یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە stationە بچووکەکان لەگەڵ تێرمیناڵەکانی Starlink پێکەوە بدرێن.
ئەو پلانەی تۆڕێکی تێکەڵی مۆبایل و ئەستێرەی دەستکرد دروست بکات، گومان و پێشبینیی لەسەر مەترسی بۆ کۆمپانیا کۆنەکانی تەلەکۆم ورووژاندووە. بەڵام Musk وای نابینێت و دەڵێت: «پێم وانییە ئەمە واتای ئەوە بێت AT&T یان Verizon یان کۆمپانیای تر لەکار بکەون.» بە وتەی ئەو دەکرێت هەندێک داهاتیان لەدەست بدەن، بەڵام پێی وایە داواکاریی بۆ پانتایی باند لە داهاتوودا زۆر گەورە دەبێت، و ئەمەش «بەتایبەتی بە هۆی superintelligence و ڕۆبۆتەکانەوە دەبێت، کە زۆر زیاتر لە مرۆڤ پێویستیان بە باند دەبێت».